خوێندراوەتەوە: (3.6K)

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری سلێمانی ڕایگەیاند تەقە لە فەرمانبەرێکیان کراوە و هەوڵی تیرۆرکردنی دراوە و دەزگای ئاسایشیش لێکۆڵینەوە دەکات.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری سلێمانی ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی بەداخەوە تەقە لە ڕۆژنامەنووس و فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان هێمن مامەند کرا و هەوڵی تیرۆرکردنی درا.

وتیشی؛ “خۆشبەختانە تەنها برینداربوو و ئێستا لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێت و تەندروستی جێگیرە”.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، “ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی، تەقەکردن لە ڕۆژنامەنووس ھێمن مامەند بە کارێکی ترسنۆکانە دەزانین و هیوادارین هێزە ئەمینیەکان بە زووترین کات تاوانباران بدۆزنەوە و بە سزای خۆیانیان بگەیەنن و ئومێدەوراین کاکە هێمنی هاوپیشەشمان سەلامەت بێت”.

لەلایەکی دیکەشەوە سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کاتژمێر 7:20 خولەکی ئەمشەو، لەشاری سلێمانی، تەقە لە ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی هێمن مامەندکرا و دەستبەجێ لەسەر ئەم ڕووداوە دەزگای ئاسایشی هەرێم، لێکۆڵینەوەی دەستپێکردوە و گەڕان بەدوای بکەرانی ئەم تاوانە بەردەوامە.

لای خۆشیەوە هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە، بەتوندیی سەرکۆنەی تاوانی تەقەکردن لە ڕۆژنامەوانی بەڕێز هێمن مامەند دەکەین، ئومێدی چاکبونەوەی خێرای بۆ دەخوازین.

وتیشی، هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردراون بۆ لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونی وردو خێرا لە ڕوداوەکەو گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە.

هاوکات لقی سلێمانی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان هەوڵی تیرۆرکردنی ھێمن مامەندی بە کارێکی ترسنۆکانە وەسف کرد و ڕایگەیاند، تەقەکردن لە رۆژنامەنووس ھێمن مامەند رەفتارێکی ترسنۆکانەو دوورە لە کارو پیشەی خەڵکی ئازا، چونکە رۆژنامەنووس ھەڵگری چەک نیە تا بە چەک تەقەی لێبکرێت و ئەم حاڵەتەش دەچێتە خانەی ھەوڵدان بۆ تیرۆرکردن.

ڕاشیگەیاند، داواکارین دەزگا بەرپرسەکان لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەم بابەتە بکەن و ئەنجامدەران ئاشکرا بکەن، چونکە ژینگەی میدیای سلێمانی رۆژنامەنووسی تێدا تیرۆر نەکراوە، با ھەموومان ھاوکارو ھاریکاریی یەکتر بین تا پایتەختی رۆشنبیریی ھەرێمەکەمان بە پاکی و بە جوانیی بۆ میدیاکاران بمێنێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 81 Today: 147 📊 Click Here