لە شاری بێرمینگهامی بەریتانیا، ڕێکخراوی داکۆک بە هاوکاری ژمارەیەک لە چالاکوانانی کوردی ڕێکەوتی ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ وەک ڕۆژێک بۆ یادکردنەوەی مامۆستا جیهان تەها تەرخان کرد، ئەو مامۆستایەی کە دوو ساڵ لەمەوپێش لە هەولێر بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا.
یادەکە لە شوێنێکی گشتیدا بەڕێوە چوو و کۆمەڵێکی بەرچاوی کورد و ڕۆژنامەنووسان و لایەنگرانی مافی مرۆڤ بەشداریان تێدا کرد. ئامادەبووان جەختیان لەسەر گرنگی پاراستنی ئازادی ڕادەربڕین کردەوە، ئەو مافەی کە مامۆستا جیهان بە گیانی خۆی نرخی دا.
وێنهی بهشێك له بهشداربوان





لە دەستپێکی یادەکەدا، بەڵگەنامەیەکی دیداری نمایش کرا کە تێیدا ژیان و چالاکییە مەدەنییەکانی مامۆستا جیهان و کاتەکانی دواییی ژیانی پیشان درا. ئەم بەڵگەنامەیە وێنەیەکی ڕوونی خستە بەردەم ئامادەبووان لەسەر باوەڕی پتەو و تێکۆشانی بەردەوامی مامۆستا جیهان بۆ مافەکانی هاوپیشەکانی.
مامۆستا جیهان تەها خاوەنی بڕوانامە لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سەلاحەدین بوو و بە چالاکوانێکی بەناوبانگ لە بواری داکۆکیکردن لە مافەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ناسرابوو. ئەو بە تایبەتی ڕەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی وەزارەتی پەروەردە و نەیارییەکانی دەسەڵاتداران دەگرت.
چەندین کەس لە بەشداربووانی یادەکە قسەیان کرد و یادیان لە چالاکییە مەدەنییەکانی مامۆستا جیهان کردەوە. یەکێک لە قسەکەرەکان باسی ئەوە کرد کە “مامۆستا جیهان نموونەیەک بوو بۆ ئەو کەسانەی باوەڕیان بە قسەکردن هەیە لە کاتی بێدەنگی.”
لێدوانی بهشداربوان بۆ مایكی ناونیشان

