خوێندراوەتەوە: (1.3K)

بۆچوونی ئەنجوومەنی دەوڵەت لەبارەی داهاتی نانەوتی ئاشکرادەکرێت و سبەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیار لەسەر داهاتی نانەوتی هەرێم دەدات.

میدیای نزیک لە پارتی، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٢ی ئەیلولی ٢٠٢٥، بۆچوونی ئەنجوومەنی دەوڵەت لەبارەی داهاتی نانەوتی بڵاودەکاتەوە، کە تێدا ئەنجومەنەکە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی رووندەکاتەوە چۆن داهاتەکان بەپێی یاسای دارایی فیدراڵی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

هاوکات، بڕیارە سبەی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بۆچوونانەی ئەنجوومەنی دەوڵەت، دوایین بڕیار لەسەر داهاتە نانەوتییەکان بدرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، پێنجشەممە ١٩ی ئەیلولی ٢٠٢٥، ئەنجومەنی دەوڵەت تایبەت بە پرسی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستان کۆتا کۆبونەوەی ئەنجامدا و لەسەر ئەو بنەمایە پرسەکە یەکلای دەکرێتەوە.

دەقی بۆچوونی ئەنجوومەنی دەوڵەت بۆ پرسی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان لە چەند بڕگەیەک پێکهاتووە:

داهاتەکان داهاتی کۆتایی گەنجینەی گشتیی دەوڵەتن و دواتر بەپێی ئەو رێژەیەی لە بڕگەی (یەکەم)ی ماددەی ٢٩ی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠١٩ دیاریکراوە، تەرخان دەکرێن.

تەواوی باج و گومرگە کۆکراوەکان لەلایەن دەسەڵاتی گومرگەوە دەگوازرێنەوە بۆ گەنجینەی گشتیی دەوڵەت.

مەبەست لە باج، گومرگ و ئەو داهاتانەی دیکە کە لە بڕگەی ١ی ماددەی ٢٩ی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠١٩ ئاماژەیان پێکراوە، ئەو باج و گومرگانەن کە بەپێی یاساکانی فیدراڵی، یان هەر یاسایەکی دیکەی خۆجێی لە چوارچێوەی دەسەڵاتی گومرگیی دەوڵەتدا کۆدەکرێنەوە.

هیچ رێگرییەکی یاسایی نییە وەزارەتی دارایی مقاسە بکات لەنێوان شایستەی هەرێم یاخود پارێزگاکان و ئەو داهاتانەی کە دەبێت بگوازرێنەوە بۆ گەنجینەی گشتیی دەوڵەت.

داهاتی فرۆشتن و سپاردنی ئەو پارە گشتییانەی دەگەڕێنەوە بۆ دارایی ناوەندیی دەوڵەت، بە سزاکانیشەوە، بە تەواوی دەگوازرێنەوە بۆ گەنجینەی گشتیی دەوڵەت.

باج و گومرگی دەروازەکانی سنوور، بە داهاتی گومرگی هەژمار دەکرێن، ئەمەش بۆ مەبەستی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ماددەیاسییەکانی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی و یاسای بەڕێوەبەردنی دارایی فیدراڵی هەیە.

حوکمەکانی یاسای بودجەی گشتی بەسەر هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ دەکرێن، مەگەر بە روونی ئاماژە بە پێچەوانەکەی کرابێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 170 Today: 808 📊 Click Here