ئەمڕۆ دووشەممە ٦ی تشرینی یەکەم، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بانگەشەی فەرمیی هەڵبژاردنی بە وتاری بافڵ جەلال تاڵەبانی دەستپێکرد.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند” یەکێتی هیچ کات خاکی کوردستانی نەفرۆشتووە بەهیچ کەس و وڵاتێک و ئەم هەڵبژاردنە جیاوازترە و پێویستە بەشدارتێدا بکرێت.”
بافڵ کە ئێستا کەسی یەکەمی یەکێتییە دەڵێت” کە ئیشت كرد هەقە موچە وەربگریت كە خوێندنت تەواو كرد دەبێت كارت هەبێت
ئەبێت ئیشت هەبێت، ئاوت هەبێت، كارەباتان هەبێت، سەیرە تا ئێستا ئەمانە چارەسەر نەكراوە، یەكێتی ئەمانەتان بۆ دابین دەكات.”
دەقی پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی:
زیادبوونی دەنگ، واتە خزمەتی زیاتر
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە سەرەتای پەیامەکەیدا، سوپاسی دەنگدەرانی کوردستان دەکات، کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو بە گەرموگوڕیی چوونەتە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بە گوتەی ئەو “لە هەرێمی کوردستان ڕێژەی دەنگدان لە هەموو پارێزگاکانی دیکەی عێراق زیاتر بووە”. هەروەها دەڵێت “لە هەڵبژاردنی پێشوو دەنگەکانی یەکێتی بە ڕێژەی 93٪ زیادیکرد”. بافڵ جەلال تاڵەبانی زیادبوونی دەنگ، بە واتای خزمەتی زیاترکردنی خەڵک وەسف دەکات.
“ئەم هەڵبژاردنە جیاوازە”
بافڵ جەلال تاڵەبانی داوا لە خەڵک دەکات، لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردن ساردنەکرێنەوە و ئەم هەڵبژاردنە بە “جیاواز” لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی کوردستان وەسف دەکات و دەڵێت: “ئەمە هەڵبژاردنە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێمان خۆش بێت یان نا، بڕیارە سەخت و گرنگەکان لە بەغداد دەدرێن”. بۆیە داوا دەکات خەڵک ئەم هەڵبژاردنە “بەجدیی” وەربگرن و “دەنگ بدەنە ئەو لایەنەی لە بەغداد کاری پێدەکرێت”. هەر خۆیشی دەڵێت “ئەو لایەنە تەنیا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە کە لە بەغداد قسەی دەڕوات و دۆستی زۆرە”.
“بۆ هەموو کێشەکان لە دەرگای یەکێتی دەدرێت”
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باسی ڕۆڵی حیزبەکەی دەکات لە چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکاندا و دەڵێت “بۆ هەموو کێشەکان لە دەرگای یەکێتی دەدرێت” و هەموو چین و توێژەکان بۆ داواکارییەکانیان لە دەرگای یەکێتی دەدەن.
بافڵ جەلال تاڵەبانی: حیزب نابێت لە بەرپرسیارێتی ڕابکات
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامەکەیدا بۆ خەڵکی عێراق و کوردستان داوادەکات خەڵک “دەنگ بدەنە حیزبێک لە بەرپرسیارێتی ڕانەکات، نەترسێت لە خەباتکردن و شەڕکردن بۆ مافی گەلەکەی”. بافڵ تاڵەبانی پێیوایە ئەو حیزبە “یەکێتییە کە لە بەرپرسیارێتی ڕاناکات و هەرگیز لەوەش نەترساوە”.
“شەڕی ئێمە لە بەغداد گەورەترە لە پرسی مووچە”
بافڵ جەلال تاڵەبانی بەشێکی پەیامەکەی تەرخانکردووە بۆ باسی کێشەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەو جیا لەوەی مووچە بە بەشێک لە کێشەکان ناودەبات، هاوکات دەڵێت “ئێمە لە بەغداد شەڕ بۆ تەواوی مافەکانی کوردستان دەکەین، کە پێکەوەژیان و مافی دەستووری و سیاسەتی نێودەوڵەتییە”، کە پێیوایە دەبێت عەقڵییەتی حوکمڕانیی لە عێراق لە ئاست گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بێت. هەر لەو پەیامەیەدا سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەکردووە، کە حیزبەکەی ئەو قەڵغانی پاراستنی هەرێمی کوردستان و عێراق بووە لە زۆربەی ڕووداوەکانی ناوچەکە، هەروەها هۆکاری چارەسەرکردنی چەندین کێشەی ناوخۆیی عێراق بووە.
“یەکێتییەکەی ئێستا جیاوازە”
بافڵ جەلال تاڵەبانی باسی گۆڕانکارییەکانی نێو حیزبەکەی و نوێبوونەوەی دەکات و دەڵێت “یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زۆر جیاوازە لە یەکێتییەکەی پێشتر، یەکێتیی ئێستا لەسەر ڕێبازی مام جەلال دەڕوات”. هەروەها سەرۆکی یەکێتی باس لە دیدگای حوکمڕانیی حیزبەکەی دەکات بۆ عێراق و لەوەشدا نموونەی کەرکووک دەهێنێتەوە، کە ئێستا پارێزگارەکەی لە پشکی یەکێتییە و دەڵێت “کەرکووکی ئێستا نموونەی ڕێبازی یەکێتی و مام جەلالە، کە هەموو پێکهاتەکانی ئەو شارە پێکەوە دەژین و کێشەیان نییە”.
بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئامانجم ژیانێکی شایستەیە بۆ خەڵک
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێیوایە تاوەکو کورد، بەتایبەت حیزبەکەی لە بەغداد بەهێز بێت، دەتوانن هەرێمی کوردستان جوانتر و ئاوەدانتر بکەنەوە. بۆیە سلۆگانی حیزبەکەی دەڵێتەوە (هێزی تۆین لە بەغداد) و پێیوایە ستراتیجییەتی کارکردن دەبێت ڕێککەوتن بێت لەگەڵ بەغداد بۆ ئەوەی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان فەراهەم بکرێت. لەو بارەیەوە دەڵێت: “یەکێتی تاکە حیزبە کە لە بەغداد پەیوەندییەکانی فراوانە و لەگەڵ هەموو لایەنەکان پەیوەندییەکی باشی هەیە، بۆیە تەنیا یەکێتییە دەتوانێت داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان لە بەغداد بەدیبهێنێت”.
پەیامێک لە بافڵ جەلال تاڵەبانییەوە بۆ گەنجان
بەشێکی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ گەنجانە، بەتایبەت ئەوانەی یەکەم جارە لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ دەدەن و ئەزموونی پرۆسەی دیموکراسی دەکەن: “گەنجان نابێت دەنگ بە لایەنێکی کلاسیکی بدەن، دەبێت گەنجان دەنگ بە حیزبێک بدەن کە نوێ بووەتەوە، یەکێتی بەشێکە لە گەنجان و لە خەڵک”. دەشڵێت: “ئەوانەی منیان خۆشدەوێت خەڵکی هەژارن، دەوڵەمەندەکان هی شوێنی ترن”.
“عێراق دووربخرێتەوە لە دەستوەردانی دەرەکی”
بافڵ جەلال تاڵەبانی داوادەکات لەکاتی کێشە و قەیرانە ناوخۆییەکاندا، لایەن و پێکهاتەکانی عێراق پشت بە خۆیان ببەستن، نەک وڵاتانی دیکە، دەڵێت “نابێت بۆ چارەسەری کێشەکانی عێراق پشت بە وڵاتانی دیکە ببەسترێت، عێراق پیاوی هیچ وڵاتێک نییە، کێشەکانی عێراق بە خودی پێکهاتەکانی خۆی چارەسەر دەبێت، ئەوەی ئەمڕۆ عێراق پێویستیەتی بەرنامەیەکی نیشتمانییە”.
“دەستوور مێنیۆی چێشتخانە نییە”
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەخت دەکاتەوە لەوەی کە دەبێت هەموو پێکهاتەکانی عێراق پابەندی دەستووری عێراق بن و بە “پیرۆز” ناوی دەستوور دەبات و دەڵێت: “بەشێکی خەباتی ئێمە لە عێراق ڕێزگرتنە لە دەستوور. هەموو کێشەکانمان بە گەڕانەوە بۆ دەستوور چارەسەر دەبێت. دەستووری عێراق مێنیۆی چێشتخانە نییە بەدڵی خۆت هەڵیبژێریت، دەبێت دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت”.
بافڵ تاڵەبانی: دەبێ ڕێککەوتنەکان کۆنکرێتی بن
سەرۆکی یەکێتی باسی ڕێککەوتنەکانی ئەم دواییەی نێوان هەولێر و بەغداد دەکات، بەتایبەت لەسەر پرسی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان، کە خۆی وەک ئەندازیاری ئەو ڕێککەوتنە دەناسرێت و لەوبارەیەوە دەڵێت: “دەبێت ڕێککەوتنەکان کۆنکرێتی بن. نابێت ڕێککەوتنەکان بە میزاجی ئەم و ئەو تێکبچن”.
“تاوەکو من باوەڕنەهێنم کابینەی نوێ پێکناهێرێت”
لە بەشێکی پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی، باس لە هۆکاری دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، دەڵێت ” تاوەکو من قەناعەت نەکەم، کابینەی نوێ پێکناهێرێت. تاوەکو بەڵێنەکانی هەڵبژاردن جێبەجێ نەکرێت حکومەت پێکناهێنرێت. تاوەکو من باوەڕ نەکەم بە ڕێککەوتنەکان بۆ حکومەتێکی باشتر، پێکهێنانی حکومەت هەر دوادەکەوێت، ئێمە وەک لایەنەکانی دیکە بەڵێنەکانی هەڵبژاردن فەرامۆش ناکەین، ئەوەی گوتوومانە دەبێت جێبەجێی بکەین، هەرگیزیش ناچینە حکومەتێک کە نەتوانێت خزمەتی خەڵک بکات”.
