ئەنجومەنی وەزیران لە دوایین کۆبوونەوەی خۆیدا رازیبوو لە بری پارەی كاش، نەوتی خاو بدرێت بە كۆمپانیاكان وەكو حەقدەستی دەرهێنانی نەوت.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ی ئەیلول، سەرچاوەیەکی تایبەت لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەی راگەیاند، “لە کۆتایی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر دوو خاڵ درا و دەنگیشی لەسەر درا”.
ئاماژەی بەوەکرد، “یەکەمیان بڕیاردرا کرێی دەستی دەرهێنانی نەوتی کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان بە نەوت جێگیر بکرێت”.
سەرچاوەکە روونیکردەوە “بڕیاری یەکەم بەمشێوازەیە کە بۆ هەر بەرمیلێک ١٦ دۆلار دیاریکراوە لە جێی پارەکە، کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان نەوتیان پێدەدرێت و خۆیان بۆ خۆیانی دەفرۆشن”.
سەبارەت بە بڕیاری دووەم سەرچاوەکەی حکومەتی هەرێم وتی، “رەزامەندی دراوە لەسەر ئەنجامدانی گرێبەستێکی سێ قۆڵی لە نێوان هەرێم و بەغدا و کۆمپانیا بیانییەکان، بەو مەرجەی عێراق گرێبەسەتەکە بەرز دەکاتەوە بۆ لیژنەی راوێژکاری وەزارەتی نەوتی عێراق،
وتیشی، “چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا لیژنە راوێژکارییەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق وەڵامی خۆی بداتەوە و گرێبەستە سێ لایەنییەکە ئەنجام بدرێت و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە”.
ئەنجومەنی وەزیران
هەرێم
