لەسەر دواکەوتنی حکومەت لە پێشکەشکردنی خشتەکانی بودجەی گشتی، ئەنجومەنی باڵای دادوەری داوای لێپرسینەوە لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات ودەڵێت” دواکەوتنەکە پێشێلکردنی دەستور و یاسایە”.
بە پێی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی شەفەق نیوز ئەنجومەنی باڵای دادوەری لەسەر دواکەوتنی حکومەت لە پێشکەشکردنی خشتەکانی بودجەی گشتی، دەسەڵات دەداتە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ لێپرسینەوە لە سەرۆکوەزیران و ئەم دواکەوتنە بە پێشێڵکردنی دەستور و یاسا دەزانێت .
لە نوسراوەکەدا کە بەرواری ١٩ی ئەیلولی ٢٠٢٥ و واژۆی دادوەر نەجم عەبدوڵا ئەحمەد، داواکاری گشتی لەسەرە، ئاماژە بەوە دەکات کە داواکاری گشتی داوای لێپرسینەوەکەی لەلایەن پەرلەمانتار مستەفا خەلیل ئەلکەراوییەوە پێشکەش بە ئەنجومەنی نوێنەران کردوە، هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو پەرلەمانتارە دەسەڵاتی ئەوەی هەیە لێپرسینەوە لە حکومەت وسەرۆکوەزیران بکات سەبارەت بە هۆکارەکانی دواکەوتنی پێشکەشکردنی بودجە.
ئاژانسەکە لەسەر زاری پەرلەمانتارێکەوە بڵاویکردوەتەوە کە داواکاری گشتی نوسراوێکی فەرمی ناردوە و پشتڕاستیکردوەتەوە دواکەوتنی حکومەت لە خستنەڕوی خشتەکانی بودجە “هەڵەیە و پابەندنەبونە بە دەستور”.
ئاماژەی بەوەشداوە کە واژۆی ئەندامانی پەرلەمانی کۆکراوەتەوە بۆ لێپێچینەوە لە سەرۆکوەزیران، و لیژنەی لێپرسینەوە لە کارنامەی پەرلەمان پەسەندی کردوە، بەڵام سەرۆکایەتی پەرلەمان تا ئێستا رەتیکردۆتەوە لێپێچینەوەکەی محەمەد شیاع سودانی ، سەرۆکوەزیرانی عێراق بخاتە بەرنامەی کار.
سودانی
ئەنجومەنی نوێنەران
عێراق
