بەپێی ئاماری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەم ساڵ 24 کەس لە ئاودا خنکاون. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، “بەراورد بە هەمان کاتی پار، رووداوەکانی خنکان زۆر کەمی کردووە”.
رۆژی پێنجشەممە، 10ـی تەممووزی 2025، شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر راگەیاند، “لەسەرەتای ئەم ساڵەوە، 10 کەس لە سنووری پارێزگای هەولێر خنکاون، 9ـیان لە خەبات و یەکێکیشیان لە بەنداوی ئاقوبان، هەروەها 20 کەسیش رزگارکراون”.
پار لە پارێزگای هەولێر 34 کەس لە ئاودا خنکابوون. شاخەوان سەعید گوتی، “بەراورد بە پار رووداوەکانی خنکان کەمی کردووە، پار ئەم کاتانە نزیکەی 18 کەس بوون”.
لەبارەی هۆکاری کەمبوونەوەی رووداوەکانی خنکان، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، “هۆشیاریی خەڵکی زیاتر بووە، تابلۆی رێنمایی زیاترمان هەڵواسیوە، تیمەکانمان بەردەوام لە بەنداوەکان و رووبارەکان ئامادەن و چاودێریی هاووڵاتییان دەکەن”.
هاوکات بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆکیش گوت، “ئەم ساڵ 5 کەس لە سنووری پارێزگای دهۆک خنکاون و سێ کەسیش رزگارکراون، ژمارەکە نزیکە لە پار، کە تاوەکو ئەو کاتە شەش کەس خنکابوون.”
زانیار عومەر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە گوت، “تاوەکو ئێستا لە پارێزگاکەمان کەس نەخنکاوە. پار یەک کەس خنکابوو.”
سەرچاوەیەکی بەرپرس گوت: “لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا 24 کەس لە هەرێمی کوردستان خنکاون، 10 لە هەولێر، 5 لە دهۆک، 9 کەسی دیکەش لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکان بووە”.
بەپێی ئاماری ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ساڵی 2023، 61 کەس لە ئاوی رووبار و چەمەکاندا خنکابوون. لەو ژمارەیە 27 کەسیان لە سنووری پارێزگای هەولێر، 19ـیان لە پارێزگای دهۆک، 14یان لە پارێزگای سلێمانی و یەک کەسیش لە پارێزگای هەڵەبجە بوو.
خوێندراوەتەوە: (6.6K)
