خوێندراوەتەوە: (5.5K)




کۆشکی سپی دەڵێت، ناردنی هەندێک چەکی سەرەکی بۆ ئۆکراینا رادەگرێت. لە سەردەمی ئیدارەی بایدندا بەڵێن بە ئۆکراینا درابوو ئەو چەکانەیان بۆ دەنێردرێ.

راگرتنی گەیاندنی هاوکاریی سەربازی، لەنێویاندا سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، گورزێکی گەورە دەبێ بۆ ئۆکراینا، لەکاتێکدا رووبەڕووی هەندێک لە گەورەترین هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی رووسیا لە جەنگە سێ ساڵییەکەدا دەبێتەوە.

ئانا کێلی، جێگری گوتەبێژی رۆژنامەڤانیی کۆشکی سپی گوتی: “ئەم بڕیارە بۆ ئەوە دراوە کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەپێش هەموو شتێکەوە دابنرێن، ئەوەش دوای پێداچوونەوەی وەزارەتی بەرگری بە پشتیوانی و هاوکاریی سەربازیی وڵاتەکەمان بۆ وڵاتانی دیکەی جیهان.”

کەمکردنەوەی هاوکارییە سەربازییەکان ئاماژەیەکە بۆ گۆڕانکارییەکی ئەگەری لە کاری لەپێشینەی ئیدارەی ترەمپ، کە گوشاری خستووەتە سەر رووسیا و ئۆکراینا بۆ ئەوەی دانوستاندنەکانی ئاشتی خێراتر بکەن.

میدیای ئەمریکا دەڵێت، مووشەکەکانی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت، گولـلەتۆپ و مووشەکەکانی هێڵفایەر لەنێو ئەو چەکانەدان کە ناردنیان راگیراوە.

مایکڵ مەکفۆڵ، کە لە ساڵی 2012 تاوەکو پێش دەستپێکردنی جەنگی کریمیا لە ساڵی 2014 باڵیۆزی ئەمریکا بوو لە رووسیا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: “ئیدارەی ترەمپ تەنانەت گەیاندنی پاتریۆتیش رادەگرێت؟”

هەفتەی رابردوو لە لووتکەی ناتۆ لە هۆڵەندا، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لەگەڵ ترەمپ کۆبووەوە و وادەرکەوت وەڵامێکی ناڕوونی لە سەرۆکی ئەمریکاوە وەرگرتبێت سەبارەت بە سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت.

هێرشی درۆنی بۆسەر ئۆکراینا

پارێزگاری خارکیڤی ئۆکراینا بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، لە هێرشێکی درۆنیدا بۆسەر هەرێمەکەی، کەسێک گیانی لەدەستداوە و یەکێکی دیکەش بریندار بووە.

ئەم هێرشە دوای هێرشە درۆنییەکانی ئۆکراینا هات کە رۆژی سێشەممە بوونەهۆی کوژرانی سێ کەس و برینداربوونی دەیان کەسی دیکە لە شاری ئیژێڤسکی رووسیا. هێرشەکە زیاتر لە 1000 کیلۆمەتر لە هێڵی پێشەوەی بەرەی جەنگەوە دوور بوو.

رووسیا لە مانگی حوزەیراندا بە شێوەیەکی بەرچاو هێرشە ئاسمانییەکانی چڕکردنەوە و هەزاران درۆنی بەکارهێنا، لەکاتێکدا سیستمە ماندووەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکراینا و دانیشتووانی سڤیلی ماندووی ئەو وڵاتە هەستیان بە گوشاری زیاتری کرێملین کرد.

راپۆرتێکی مانگی نیسانی پەیمانگەی نێودەوڵەتیی ستۆکهۆڵم بۆ توێژینەوەی ئاشتی (سیپری) باس لەوە دەکات، خەرجیی سەربازیی ئۆکراینا لە ساڵی 2024دا 64.7 ملیار دۆلار بووە و کیێڤ بۆ چەک و هاوکاری، پشتی زۆری بە هاوپەیمانەکانی لە ئەورووپا و ئەمریکا بەستووە.

ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، رۆژئاوا بە گەورەکردنی ئاگری جەنگ تۆمەتبار دەکات و رۆژی سێشەممە بە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسای گوت، رۆژئاوا “بۆ چەندین ساڵ بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی رووسیای پشتگوێ خست.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 44 Today: 1,512 📊 Click Here