خوێندراوەتەوە: (3.7K)

بڕیارە ئۆزی ئۆزبۆرن، لە دوای 20 ساڵ لەگەڵ سەرجەم ئەندامە رەسەنەکانی گرووپی “بلاک ساباس” کۆدەبێتەوە، بۆ کۆنسێرتێک کە بە “گەورەترین” نمایشی هەیڤی مێتەڵی لە مێژوو ناسێندراوە و دەبێتە دوا کاری هونەریی ئۆزی.

کۆنسێرتەکە بەناونیشانی “گەڕانەوە بۆ سەرەتا”، رۆژی شەممە 5ـی تەممووزی 2025، لە یاریگەی یانەی ئەستۆن ڤێلا لە بێرمنگهامی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت.

ئۆزبۆرن، لە سەردەمی زێڕینی گرووپەکە لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا گۆرانیبێژی سەرەکی بوو، سەرەتا بە تەنیا چەند بەرهەمێکی خۆی پێشکێشکرد، دواتر هاوڕێکانی لە گرووپەکە، بۆ یەکەمجار لە دوای دوو دەیە پەیوەندی پێوە دەکەن.

لە بۆنە رۆژدرێژەکەدا، چەندین گرووپی بەناوبانگی دیکەی مێتاڵ وەک مێتالیکا بەشداری دەکەن.

کۆنسێرتەکە لە کاتێکدایە کە ئۆزبۆرن لە 2020ـدا ئاشکرای کرد، تووشی نەخۆشیی پارکینسۆن بووە و لە 2023ـدا بەهۆی نەشتەرگەرییەکی قورسی بڕبڕەی پشتەوە؛ گەشتە هونەرییەکانی ڕاگرت. ئەو لە 2003ـەوە بەهۆی ڕووداوێکی ماتۆڕسکیلەوە کێشەی تەندروستیی بۆ دروستبووە، کە برینەکانی لە 2019 بەهۆی کەوتنێک لە ماڵەوە سەختتر بوون.

“بلاک ساباس”، بە یەکێک لە کاریگەرترین گرووپەکانی مێتاڵ دادەنرێت، لە 1968 لە بێرمنگهام دامەزرا. یەکەم ئەلبوومی لە 1970 چووە ریزی 10 باشترین ئەلبوومەکانی بەریتانیا و رێگەی بۆ چەندین ئەلبوومی سەرکەوتووی دیکە خۆشکرد. گرووپەکە زیاتر لە 75 ملیۆن ئەلبوومی لە سەرانسەری جیهاندا فرۆشراوە.

ناوبانگیی ئۆزبۆرن لە سەرەتای ساڵانی 2000ـدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد، کاتێک لەگەڵ هاوژینەکەی شارۆن و دووان لە منداڵەکانیان لە بەرنامەی ریالیتیی بەناوبانگی “The Osbournes”ی دەرکەوتن.

سەرجەم داهاتی کۆنسێرتەکەی 5ـی تەممووز، بۆ چەندین رێکخراوی خێرخوازی دەچێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 76 Today: 1,512 📊 Click Here