ئامانج عەزیز، بەرپرسی ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەلبژاردنەکانی عێراق راگەیاند، “کۆمسیۆن لە ئامادەکارییەکان بەردەوامە و تائێستا هیچ گرفتێک نەهاتووەتە پێش، بۆ ئەوەی لەو وادەی دیاریکراوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت”.
ئاماژەی بەوەکرد، “قۆناغی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران بە سەرکەوتووی کۆتایی هات و پێش هەڵبژاردن کارەتەکان دەدرێتەوە بە دەنگدەران، هەروەها قۆناغی تۆمارکردن پارتە سیاسی و کاندیدەکانیش کۆتایی هات و لە ئێستادا لە قۆناغی وردبینکردنی بەڵگەنامەی کاندیدەکانداین”.
لەبارەی دامەزراندنی فەرمانبەرانی رۆژی دەنگدان ئامانج عەزیز وتی، “ماوەی مانگێکە پڕکردنەوەی فۆڕمەکە بە بڕیاری ئەنجومەنی کۆمیسیاران بەردەوامە و سبەینێ 9ی تەموزی 2025، وادەکە کۆتایی دێت”.
وتیشی، “لە بازنەی سلێمانی کە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان دەگرێتەوە، نزیکەی 10 پارتی سیاسی لیستیان پێشکەشکردووە لەگەڵ چوار کاندیدی سەربەخۆ، هەروەها 143 کاندیدمان دەبێت کەوا کێبڕکێ دەکەن بۆ بردنەوەی 18 کورسی کە تایبەت کراوە بە بازنەی سلێمانی”.

