کونسوڵخانەی گشتی چین لە هەولێر ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و دەڵیت “ئاگاداری هەواڵه میدیاکانی ئەم دوایانەین له بارەی دەستگیرکردنی بازرگانێکی ناوخۆیی به تۆمەتی هاوردەکردنی نایاسایی و ساختەکردنی زانیاری له سەر ماددەیەکی کیمیاوی قەدەغەکراو بەناوی فورالتادۆن، که گوایە له چینەوە هاوردەکراوە. لەسەر ئەم بابەتە دەمانەوێت ڕوونکردنەوەیەک بدەین”.
دوو شەممە، ٢٣ شوبات ٢٠٢٦، کونسوڵخانەی گشتی چین لە هەولێر ڕایگەیاند “حکومەتی چین گرنگییەکی زۆر بە کوالیتی و سەلامەتی بەرهەمە هەناردەکراوەکان دەدات، ئێمە بە توندی پشتگیری لە دەسەڵاتە ناوخۆییە پەیوەندیدارەکان دەکەین لە هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی چالاکییە بازرگانییە نایاساییەکان. هەڵوێستی پتەوی ئێمە ئەوەیە کە هەموو ئەو کۆمپانیا و کەسانەی کە خەریکی کاری بازرگانین لە رێگەی سنوورەکانەوە پێویستە بە توندی پابەندبن بە یاسا و ڕێساکانی هەردوو وڵاتی چین و وڵاتی مەبەست”.
کونسوڵخانەکە باسی ڕێکارەکانی کردوە کە حکومەتی چین دەیگرێتە بەر و وتویەتی “ئەگەر لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەوە پشتڕاستکرایەوە کە دابینکەران یان هەناردەکارانی چینی یاساکانی کۆنترۆڵکردنی هەناردەکردنی چینیان پێشێل کردووە یاخود بەشداریان لە ناونانی ساختە کردووە، حکومەتی چین بەپێی یاسا ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر لایەنە بەرپرسیارەکان دەگرێتەبەر”.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتوە “چین و هەرێمی کوردستانی عێراق پەیوەندییەکی ئابووری قووڵ و قازانجی هاوبەشیان بەیەکەوە هەیە، ڕێگە نادەین کردەوەی نایاسایی چەند تاکێک ناوبانگی هەزاران بازرگانی شەرعی چینی کە بەشداری لە ئابووری ناوخۆییدا دەکەن، تێکبدات”.
شەوی رابردوو لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا باس لە جۆرێک لە دەرمانی قەدەغەکراوکرا کە وڵاتی چین دروستکراوە و بازرگانێک هاوردەی هەرێمی کوردستانی کردوە و “هۆکاری دروست بوونی شێرپەنجەیە”.
کونسوڵخانەی چین لە هەولێر
دەرمانی قەدەغەکراو
