فەرمان محمد حاجی
هەریەك لە نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی لە پەیامی پیرۆزبایی ساڵی نوێدا داوای “هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ و یەكڕیزیی نێوماڵی كورد” دەكەن، بەڵام بافڵ تاڵەبانی و مەسعود بارزانی پەیامەکانیان کورت و پوخت و جیاوازەو تەنها داوای خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ خەڵکی کوردستان دەکەن، مەسرور بارزانیش پەیامی هەڕەشە ئامێز بۆ یەکێتی دەنێرێت و باس لەدواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت دەکات و دەڵێت “بەمەبەست ڕێگری لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان كراوە”.
ساڵانە لەگەڵ هاتنی هەر بۆنە و جەژنێکی ئاینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی، سەرکردە سیاسیەکانی کورد پەیامی ئاشتی و تەبایی و برایەتی بڵاودەکەنەوە و داوا دەکەن جەژن و بۆنەکان ببنە هەوێنی یەکترقبوڵکردن و پتەوکردنی پەیوەندی نێوانیان، بەڵام لە ئەرزی واقعدا پەیامەکانیان تەنها دروشم بووە و هیچ یەکێک لەو سەرکردانەی کورد بەتایبەت سەرکردایەتی ” پارتی و یەکێتی ” ڕاستگۆ نەبوونە لەگەڵ دروشمەکانیان، چونکە هەرخۆیانن بونەتە هۆکاری تێکچوونی شیرازەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئاشتی و سەقامگیری کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێت “هێزمان لە یەكترقبووڵكردن و پێكەوەژیان و پێكەوەكاركردندایە، كە تاكە گەرەنتیی پاراستنی دەستكەوتەكانمان و مسۆگەركردنی مافە دەستوورییەكانمانە”.
لەولاشەوە قوبان تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەڵێت “بە یەكڕیزی و یەكگوتاری، باشتر دەتوانرێت كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بكرێت و داكۆكی لە ماف و داواكارییە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان بكرێت”.
لێڕەدا سەرنج دەخەینە سەر ناوەرۆکی پەیامە دروشمبازەکانی سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی:
_ پەیامی قوباد تاڵەبانی:
هیوادارین ساڵی ٢٠٢٦ ساڵێکی پڕ لە خۆشی و دەستکەوت بێت بۆ خەڵکی کوردستان و هەموومان پێکەوە کاربکەین بۆ خزمەتکردن و ئاوەدانترکردنەوەو گەشەپێدانی وڵاتەکەمان لە هەموو روویەکەوە.
پێویستە هەموو لایەک بە وانەوەرگرتن لە ناتەبایی و ناکۆکییەکانی ساڵانی رابردوو کە زیانی بە پێگەی کورد و هەرێمی کوردستان گەیاندووە، لە ساڵی نوێدا لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە و لە جیاتی چەقبەستن لە ناکۆکییەکانی رابردوو، بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە کاربکرێت بۆ دروستکردنەوەی متمانە و رێکخستنەوەی ناوماڵی کوردی. چونکە بە یەکڕیزی و یەکگوتاری باشتر دەتوانرێت کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بکرێت و داکۆکی لە ماف و داواکارییە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بکرێت.
_ پەیامی نێچیرڤان بارزانی :
با هاتنی ساڵی نوێ بكەینە دەرفەتێك بۆ كردنەوەی لاپەڕەیەكی نوێ كە تیایدا ناكۆكییەكان بخەینە لاوە و گیانی تەبایی، لێبوردەیی و یەكڕیزی لەنێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكاندا باڵادەست بێت. هێزمان لە یەكترقبووڵكردن و پێكەوەژیان و پێكەوەكاركردندایە كە تاكە گەرەنتیی پاراستنی دەستكەوتەكانمان و مسۆگەركردنی مافە دەستوورییەكانمانە.
كوردستانییانی خۆشەویست: با بە ئومێد و گەشبینییەوە لە داهاتوو بڕوانین. دڵنیاتان دەكەینەوە كە هەموو هەوڵێكمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی ساڵی ٢٠٢٦، ساڵی چەسپاندنی سەقامگیری و باشتركردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان بێت. ئێمە باوەڕمان بە توانا و وزەی گەنجان و دڵسۆزیی گەلی كوردستان هەیە بۆ بنیاتنانی داهاتوویەكی گەشتر.
_ پەیامی مەسعود بارزانی :
بەبۆنەی سەری ساڵی تازە پیرۆزباییەكی گەرم لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان و سەرجەم خەڵكی خۆشەویستی كوردستان دەكەم. هیوادارم ساڵی تازە، ساڵی خێر و خۆشی و بەختەوەری بۆ کوردستان و عێراق و هەموو جیهان بێت.
_ پەیامی بافڵ تاڵەبانی :
بەبۆنەی ساڵی نوێی زایینی لە دڵەوە پیرۆزبایی گەرم لە خەڵکی کوردستان و عیراق و جیهان دەکەم، هیوادارم ٢٠٢٦ ساڵی خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن و سەقامگیریی زیاتربێت بۆ وڵاتەکەمان.
ساڵی نوێ لە هەمووان پیرۆزبێت
جیاواز لەهەموو ئەم پەیامانە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامی پیرۆزبایی ساڵی نوێدا، ڕایدەگەیەنێت “بەمەبەست ڕێگری لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان كراوە”. دەشڵێت “پێویستە چیتر بەرژەوەندیی باڵای كوردستان نەكرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی هیچ لایەنێك”.
_ پەیامی مەسروور بارزانی:
هیوادار و خوازیارین لە ماوەیەكی نزیكدا، كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكبهێنرێت، كە بەداخەوە، بە مەبەست ڕێگری لە پێكهێنانی كراوە، پێویستە چیتر بەرژەوەندیی باڵای كوردستان نەكرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی هیچ لایەنێك.
هەروەها ئومێدەوارین كابینەی نوێی فیدراڵیش، لە ئاییندەیەكی نزیكدا، لەسەر بنەما و لەبەرچاوگرتنی پرنسیپەكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان پێكبهێنرێت.
