سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، ئەگەر پێویست بکات ئامادەن هێرش بکەنەوە سەر قووڵایی ئیسرائیل. گوتیشی، “جەنگمان ناوێت، بەڵام متمانەمان بە ئاگربەست نییە و بۆ ئەگەری هەر هێرشێکی ئیسرائیل ئامادەین.”
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا، باسی بەرنامەی ئەتۆمی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، “بانگەشەی لەنێوچوونی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران تەنیا وەهمێکە، چونکە توانا ئەتۆمییەکانمان لە نێو مێشک و هزری زانایانماندایە، نەک لە نێو دامەزراوەکاندا.”
مەسعود پزیشکیان جەختی لە مافی ئێران بۆ پیتانی یۆرانیۆم لە نێو خاکەکەی بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان کردەوە و رایگەیاند، “دەستبەرداری مافەکانمان نابین و سازشیان لەسەر ناکەین.”
پزیشکیان بەرگری لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی دەکات، بە “ئاشتیخوازانە” ناوی دەبات و دەڵێت، تاران نایەوێت چەکی ئەتۆمی دروست بکات و بەدوای بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیشدا نییە.
سەبارەت بە دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکاش، سەرۆککۆماری ئێران پێیوایە، هەر جۆرە دانوستاندنێک لەگەڵ ئەمریکا پێویستە لەسەر بنەمای دوو لایەنی سەرکەوتوو بێت. دەشڵێت، “ناچینە ژێرباری هیچ هەڕەشەیەک”
سەرۆککۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنەکەدا باسی جەنگی 12 رۆژە لەگەڵ ئیسرائیل دەکات و دەڵێت، “هەرچەندە ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و زیانی بە ئێمە گەیاند، بەڵام ئێرانیش بە شێوەیەکی بەهێز قووڵایی خاکی ئیسرائیلی کردە ئامانج.”
بە گوتەی سەرۆککۆماری ئێران، ئێران جەنگی ناوێت، بەڵام بە هەموو شێوەیەک بۆ بەرگریکردن لە خۆی ئامادەیە. پزیشکیان دەڵێت، “جەنگمان ناوێت، بەڵام پشت بە ئاگربەستیش نابەستین و بە هێزەوە بەرگری لە خۆمان دەکەین.”
رۆژی 13ی حوزەیران، ئیسرائیل هێرشێکی گەورەی کردە سەر پێگە سەربازی و بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران.
لەو شەڕەدا کە 12 رۆژی خایاند، ئیسرائیل بە تایبەتی دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکانی کردە ئامانج و ژمارەیەک فەرماندەی باڵا و زانای ئەتۆمی، کوژران.
لە 22ی حوزەیران، ئەمریکا چووە نێو جەنگەکە و بۆردوومانی دامەزراوەی پیتاندنی یۆرانیۆمی ژێرزەوی لە فۆردۆ لە باشووری تاران و دوو دامەزراوەی دیکەی ئەتۆمی لە ئەسفەهان و نەتەنز کرد. 25ـی حوزەیرانیش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی راگەیاند.
خوێندراوەتەوە: (7.3K)
