وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند، فڕۆکەیەکی سەربازییان لە ڕۆژهەڵاتی جۆرجیا کەوتوەتە خوارەوە، کە ٢٠ سەربازی تێدابوو و هەموویان گیانیان لە دەستداوە.
چوار شەممە، ١٢ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند “ڕۆژی سێ شەممە فڕۆکەیەکیان لە فڕۆکەخانەی گەنجە، لە ڕۆژئاوای ئازربایجانەوە بەڕێکەوتوە، دوای ماوەیەک پەیوەندی لەگەڵ پچڕاوە و کەوتۆتە خوارەوە”.
بە پێی ڕاگەیاندراوی لایەنی پەیوەندیداری حکومەتی جۆرجیا، فڕۆکەکە دوای ماوەیەکی کەم چوەتە نێو ئاسمانی وڵاتەکەوە و هیچ پەیوەندی یان نیشانەیەکی مەترسی نەناردوە بۆ کۆنترۆڵی هاتوچۆی ئاسمانی جۆرجیا، و دواتر لە شاشەی ڕادارەکان دیار نەماوە، فڕۆکەکە پێنج کیلۆمەتر لە سنوری نێوان جۆرجیا و ئازربایجان دۆزراوەتەوە کە ٢٠ سەربازی تێدابوە و هەموویان گیانیان لە دەستداوە.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس سەبارەت بە ڕوداوەکە ووتی” پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی کۆماری تورکیا دەکەین بەهۆی ڕووداوی دڵتەزێنی تێکشکانی فڕۆکەیەکی سەربازی لە جۆرجیا، لەم کاتە سەختەدا نزا و پاڕانەوەمان لەگەڵ خێزان و دۆستانی قوربانییەکاندایە”.
تورکیا
کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە
