نێردراوی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق ڕایگەیاند، ئەو هەنگاوانەی لەلایەن گروپە چەکدارە عێراقییەکانەوە بۆ چەکداماڵین ڕاگەیەندراون، گۆڕانکارییەکی دڵخۆشکەرە، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم هەنگاوانە وەڵامێکی ئەرێنین بۆ بانگەواز و ئاواتە لە مێژینەکانی مەرجەعیەتی ئایینی و سەرکردە ئاینییە رێزدارەکان.
مارک ساڤایا، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) بڵاویکردەوە، تەنها لێدوان بەس نییە، بەڵکو دەبێت پرۆسەی چەکداماڵین گشتگیر و لە چوارچێوەیەکی نیشتمانیی ڕوون و پابەندکەردا جێبەجێ بکرێت، ئەمەش هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی هەموو گروپە چەکدارەکان و دەستەبەرکردنی گواستنەوەیەکی ڕێکوپێک و یاسایی ئەندامەکانیان بۆ ناو ژیانی مەدەنی دەگرێتەوە.
ساڤایا، باسی لەوەشکردووە،کە دەستووری عێراق و سەروەری یاسا ڕێگە بە هیچ حیزب، رێکخراو یان تاکێک نادات کە پێکهاتەی چەکداری لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا هەبێت یان بەڕێوەیان ببات.
ئاماژەی بەوەش کرد کە، ئەم بنەمایە بەبێ جیاوازی و بەبێ بەدەرکردن لە سەرتاسەری عێراقدا جێبەجێ دەکرێت.
بە وتەی مارک ساڤایا، هەڵگرتنی چەک و بەکارهێنانی هێز دەبێت تەنها لە سنووری دامەزراوە فیدراڵی و هەرێمییە شەرعییەکاندا بێت، کە ڕێگەیان پێدراوە هێزە چەکدارەکان ڕێکبخەن و بەڕێوەیان ببەن، تا لەو رێگەیەوە پاراستنی گەلی عێراق و بەرگریکردن لە سەروەری نیشتمانی مسۆگەر بکرێت.
ئەمەش دوای ئەوە دێت فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، دوێنێ ڕایگەیاند کە گروپە چەکدارەکان وەڵامی ئەرێنییان بۆ داوای سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا داوەتەوە.
رۆژی شەممە، هەندێک لە گروپە چەکدارەکانی عێراق ڕەزامەندی خۆیان لەسەر سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا ڕاگەیاند؛ لەوانە هەڵوێستە فەرمییەکانی “شبل زەیدی” ئەمینداری گشتی کەتیبەکانی ئیمام عەلی، و دوای ئەویش “قەیس خەزعەلی” ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق، هەروەها باڵی” ئەنسارولڵا ئەلئەوفیا” و وتەبێژی کەتیبەکانی “سەیدولشوهەدا”.
بەڵام کەتیبەکانی حزبوڵڵا بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و تیایدا چەکداماڵینی خۆیان رەتکردەوە.
عێراق
ئەمریکا
