ئەمڕۆ چوار شەممە ١٥ ی تشرینی یەکەم زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی مەراسیمێکی تری دەرچوانی زانکۆکەی بەبێ ئامادەبوونی سەرۆکی بۆردی زانکۆکە، د، بەرهەم ساڵح، سازکرد.
مەراسیمی دەرچوانی ئەم خوولە بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و جەنەراڵی ناسراوی ئەمەریکی دێڤد پاتریۆس و، بەبێ ئامادەبوونی سەرکردەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی سازکرا.
د. بیلال وەهاب سەرۆکی زانکۆی ئەمەریکی لە سلێمانی لە وتارێکی سەرەتای مەراسیمەکەدا لەگەڵ سوپاسی ئامادەبوونی میوانەکان و پیرۆزبایی خوێندکارە دەرچووەکان، ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی کاری تایبەتەوە بەرهەم ساڵح سەرۆکی ئەنجومەنی زانکۆی ئەمەریکی نەیتوانیووە ئامادەی مەراسیمەکە بێت.
لەم دوو مانگەدا چەند مەراسیمێکی زانستی و هونەری لە زانکۆی ئەمەریکی- سلێمانی سازکرا لەوانە دروستکردنی
تاقیگەی زیرەکی دەستکردی پێترایۆس ١٢ ی تشرینی یەکەم بە ئامادەبوونی جەنەراڵ پێترایۆس کرایەوە. هەروەها لە ١٢ تشرینی یەکەم پانێڵی میوزیک و گۆرانی گروپی کامکاران بۆ گفتوگۆکردن لەسەر میوزیک و کلتوری کوردی سازکرا، پێشتریش لە ٢٧ ی ئەیلول مەراسیمێکی هونەری بەناوی نمایشێکی میوزیکی لەلایەن ( هونەرگەها وەڵاتەوە ) سازکرد، لە هەموو ئەم مەراسیمانەدا د. بەرهەم ساڵح ئامادە نەبووە.
بەپێی هەندێک زانیاری نافەرمی ئامادە نەبوونی بەرهەم ساڵح و نەگەڕانەوەی بۆ سلێمانی پەیوەندی بەکێشەکانی لالەزارەوە هەیە کە لە ٢٢ ئەیلولدا رووی داو هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی چوونە سەر ماڵی لاهور جەنگی و خۆی دوو برای و زیاتر لە ١٥٠ لایەنگری لە دوای شەڕێکی قورس دەستگیرکران.
هەرچەندە بە ماوەیەک پێش رووداوی لالەزار بەرهەم ساڵح چۆتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بەڵام دەنگۆی ئەو زانیاریانە هەیە کە لەلای ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی سەرکردایەتی پێشووی یەکێتی و مەکتەبی سیاسی لە نێویشیاندا بەرهەم ساڵح ئاگاداری ئەو رووداوە بوون کە لاهور جەنگی وەک راگەیاندنەکانی یەکێتی لە کاتی رووداوەکەدا ئاماژەیان بۆ دەکرد ” پیلانی هەبووە ” سەرکردایەتی ئێستای یەکێتی کە لەلایەن بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، بگۆڕێت.
بەپێی ئەو زانیاریانە نە هاتنەوەی بەرهەم ساڵحیش پەیوەندی بەو رووداوەو پەیوەندی خراپی نێوان ئەو سەرکردەی ئێستای یەکێتییەوە هەیە.
ئەم رووداوانەش چ لەلایەن بافڵ تاڵەبانی و ماڵباتی تاڵەبانییەوە، هەروەها لەلایەن بەرهەم ساڵح و ئەندامانی سەرکردایەتی کۆنیشەوە هیچ لەبارەیەوە رانەگەیەندراوە.
ئەوە لە کاتێکیشدایە لەلایەکی ترەوە لە هەندێک میدیاوە بڵاوکرایەوە کە بەرهەم ساڵح پاڵێوراوە بۆ پۆستێکی باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان، هەرچەندە لەلای بەرهەم ساڵح هاتوچۆ و گەڕانەوە بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی زانکۆی ئەمەریکی – سلێمانی کە بەزانکۆی ئەو ناسراوە لە رابردوودا زۆر ئاسان بووە.
زانکۆی ئمەریکی
