خوێندراوەتەوە: (903)

نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە عێراق، پیرۆزبایی دڵسۆزانە لە گەلی عێراق بە بۆنەی بەڕێوەچوونی سەرکەوتوویی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی پەرلەمانی عێراق دەربڕی و بە “هەنگاوێکی بنەڕەتی بەرەو پتەوکردنی دیموکراسی و سەقامگیری لە وڵاتدا” ناوی برد.

ڕۆژی پێنجشەممە، مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە عێراق لە بەیاننامەیەکدا کە لە هەژماری فەرمی خۆیدا بە زمانی کوردی و عەرەبی بڵاویکردۆتەوە، ڕایگەیاندووە” گەلی عێراق جارێکی دیکە پابەندبوونی خۆیان بە ئازادی و سەروەری یاسا و دامەزراندنی دامەزراوە بەهێزەکانی دەوڵەت نیشانداوە”.

ناوبراو ستایشی ” محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و پابەندبوونی حکومەتەکەی بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا و ڕێکوپێک” کرد، بە ” بەڵگەی ڕوون کە عێراق لەسەر ڕێگای خۆشگوزەرانی و سەروەری” ناوی برد.

نێردەی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە کە “ئەمریکا بە توندی پابەندە بە پاڵپشتیکردنی سەروەری عێراق و هەوڵەکانی چاکسازی و کەمکردنەوەی دەستێوەردانی دەرەکی و گروپە چەکدارەکان”، ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی “چاوەڕوانی کارکردنە لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ قووڵکردنەوەی هاوبەشی ستراتیژیمان لە بواری ئاسایش و وزە و گەشەپێدان، هەروەها یارمەتیدان لە بنیاتنانی ئایندەیەکی بەردەوام و سەرفراز بۆ هەموو عێراقییەکان”.

١١ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، بە پێی ئاماری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕێژەی بەشداریکردن لە دەنگدان لە ٥٦.١١٪ بوو.

عێراق

هەڵبژاردن

پەرلەمانی عێراق

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 116 Today: 1,769 📊 Click Here