خوێندراوەتەوە: (1.0K)

ئەندامێكی كۆنسەی سەرۆكایەتی كۆما جڤاكێن كوردستان “كەجەكە” ڕایدەگەیەنێت، پێویستە تورکیا بزانێت لە بڕیارێکی بوێرانەدا لە 12ی تەمموز کاتێک چەکەکانیان سووتاند، بڕیارێکی ئاسان نەبوو، بەڵام ئەم هەنگاوە “دەرخەری ئەو راستییەیە، کە بە شێوەیەکی ستراتیژی چووەتە ناو پرۆسەی ئاشتییەوە”.

موراد قەرەیلان، ئەندامێكی كۆنسەی سەرۆكایەتی كەجەكە لە پەیامێکدا بۆ فێستیڤاڵی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکرات لە دۆرتمۆند، ڕایگەیاندووە، بەبێ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان، ئاشتیی راستەقینە نایەتەدی. “دوو هەنگاوی سەرەکی پێویستە بۆ چارەسەری. یەکەم، دەبێت ڕێبەر ئاپۆ بە شێوەیەکی جەستەیی ئازاد ببێت. دووەم، دەبێت چاند و زمانی کوردی ئازاد بێت، یەکسانی کەلتووریش بەدی بهێنرێت”.

ئاماژەی بەوەدا، کە بڕیاری سووتاندنی چەکەکانیان “بڕیارێکی ئاسان نەبوو”، بەڵام نیشانەی پابەندبوونیانە بە پرۆسەی ئاشتییەوە.

فەرماندەكەی هەپەگە لە چیاکانی کوردستانەوە بۆ ٣٣هەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی چاندی کوردی کە بە بەشداربوونی دەیان هەزار کەس لە شاری دۆرتمۆندی ئەڵمانیا ڕێکخراوە، پەیامێکی ڤیدۆیی نارد و دەڵێت: بەبێ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان، ئاشتیی راستەقینە نایەتەدی، ئەمەش وەک پێشمەرجێک بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەیەکی ئاشتیی هەمەلایەنە لێکدەدرێتەوە.

وتیشی: پرسی کورد، پرسێکی سەد ساڵەیە. سەرەتا پێویستی بە دڵسۆزییە، پێویستی بە متمانەیە، هەنگاوی گەورەی دەوێت، بەڵام دەوڵەتی تورک تا ئێستا پراکتیک و هەوڵێکی بەم شێوەیەی نیشان نەداوە. چاودێری دەکەین. ئایا بەڕاستی دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورک دەیانەوێت ئەم پرسە مەزنە چارەسەر بکەن یان نا؟

جەختیشی كردەوە، دەبێت هەموو بەرپرسانی دەوڵەتی تورک و هەمووکەسانی پەیوەندیدار بزانن تا ئێستا سوێندمان لەسەر چەک دەخوارد، بەڵام لە ١١ی تەمموزدا بە پێشەنگایەتی هەڤاڵ بەسێ هۆزات هەنگاوێکی گرنگ نرا. چەکمان سووتاند! ئەمە شتێکی ئاسان نییە. گەر بە شێوەیەکی ستراتیژییەوە لەم پرۆسەیە نزیک نەبووینایەتەوە، ئەوەمان نەدەکرد. هەربۆیە هەمووکەسێک بە تایبەتی دەوڵەتی تورک دەبێت جدیەتمان ببینن.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەورووپایش ڕۆڵی هەیە لە دەرکەوتنی پرسی کورددا. ئێوە کە ئێستا لە ئەورووپادان، ئەم پرسە لە لۆزانەوە سەریهەڵداوە. لەم کاتەدا کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەورووپا لە دوای دوو رۆژی تر کۆدەبێتەوە، تاوتوێی بابەتی ‘مافی هیوا’ دەکات. ئێوەیش دەزانن پێشتر دەوڵەتی تورک پەیامی بۆ ناردبوون. کاتی ئەوە هاتووە هەنگاو بنێت. دەوڵەتی تورک تا ئێستا هەنگاوێکی نەناوە. گەر ئەنجوومەنی ئەورووپا دەیەوێت ئاشتی پێکبێت و کۆتای بە شەڕ و کوشتن بێت، دەبێت بە بەرپرسیارێتییەکانی هەستێت. پەیوەست بەوانەوە ئەمە داوای ئێمەیە؛ لە پێناو ئاشتییدا هەنگاوی ئەرێنی بنێنن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 119 Today: 2,085 📊 Click Here