خوێندراوەتەوە: (7.6K)

سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە، جارێکی دیکە رەتیدەکاتەوە بەشداریی هەڵبژاردن بکات و سەرخستنى “حەق” بە مەرجى هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان و رادەستکردنی چەک بە دەوڵەتەوە دەبەستێتەوە و بە رەنگی سوور لەدەستنوسێکیدا نووسیویەتی، “بایکۆتکار، موقتەدا سەدر”.

ئەو هەڵوێستەی موقتەدا سەدر لە دەستنووسێکیدایە کە لە سێی تەممووز نووسیویەتی و ئەمڕۆ هەینی، 4ـی تەممووز، نووسینگەکەی بڵاوی کردووەتەوە.

موقتەدا سەدر لە پەیامێکدا رایگەیاند: “حەق نایەتەدى و ناڕەوایی کۆتایی نایەت، تەنیا لە رێگەی رادەستکردنی چەکی لە کۆنترۆڵ دەرچوو بە دەوڵەت و هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان و بەهێزکردنی سوپا و پۆلیسەوە نەبێت”.

سەرۆکی رەوتی نیشتمانی ئاماژەی بە هۆکاری دیکەی سەرخستنی حەق داوە و دەڵێت، “پێویستە عێراق سەربەخۆ بێت و پاشکۆ نەبێت و کاری چڕ بکرێت بۆ چاکسازیی و سزادانی گەندەڵکاران”.

ئەو نووسینەی سەدر لە وەڵامی یەکێک لە لایەنگرانیدا بووە سەبارەت بە هەڵبژاردن و نووسیویەتی: “ئەوەی دەیەوێت با بایکۆت بکات، ئەوانەی دیکەش ئەگەر دەیانەوێت با دوای حەزی دەسەڵات بکەون”.

لە ساڵی 2022ـەوە ڕەوتەکەی موقتەدا سەدر لە پەرلەمان کشایەوە و بایکۆتی پرۆسەی سیاسی کردووە و بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ساڵی 2023ـی نەکرد.

موقتەدا سەدر بە رەنگی سوور، ناوی خۆی لە کۆتایی نووسینەکەیدا بە “بایکۆتکار” نووسیوە، وەک ئاماژەیەک بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق لە مانگی 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت. دەرگای خۆبەربژێرکردنیش لە 26ی حوزەیرانەوە داخراوە، کە دوا دەرفەت بوو بۆ بەشداریکردنی هەر هێزێک لەو هەڵبژاردنە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 71 Today: 1,879 📊 Click Here