مالکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا سبەی شەممە سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و بەرپرسانی تر هەرێمدا کۆدەبێتەوە، مالکی کە سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاساییە خاوەنی ٣٠ کورسیە، حزبی دەعوە کە حزبەکەی خۆیەتی تەنها ١٠ کورسی هەیە.
لە کاتێکدا هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت گەورەترین ئیتلافی پەرلەمانی پێکهێناوەو پێوێستە بەمنزیکانە لەسەر کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران رێکبکەون، تا ئێستا لەنێو خۆیاندا چەند ناوێکیان دزەپێکردووە بۆ میدیاکان لەوانە محەمەد شیاع سودانی و نوری مالکی، ” سپی ” لە چەند سەرچاوەیەکەوە لە بەغدا زانیوویەتی کە قاسم ئەعرەجی سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراقیش یەکێکە لە کاندیدە بەهێزەکان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران.
رۆژنامەی شەرق ئەوسەتی عەرەبی بڵاویکردەوە کە “کێشەیەک” رووبەڕووی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بۆتەوە کە سەرۆکەکەی، نووری مالیکی، تەنها خاوەنی ١٠ کورسی پەرلەمانییە، ئەمەش پێگەی دانوستانکارییەکانیدا بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران لاواز دەکات.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: “هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی ڕووبەڕووی کێشەیەک بووەتەوە، سەرەڕای بەدەستهێنانی ٣٠ کورسی و پلەی دووەمی لە نێو هاوپەیمانییە براوەکاندا لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا بەدەستهێناوە، بەڵام مالیکی و پارتی دەعەوا ئیسلامیەکەی لە کۆی ئەو کورسیانە تەنها نزیکەی ١٠ کورسییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەریخست کە پارتی فەزیلەتی ئیسلامی ١٢ کورسی لە پشکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەدەستهێناوە، هەروەها سەرۆکی لیواکانی سەید ئەلشوهادە، ئەبو عەلا ئەلوەلای، نزیکەی ٨ کورسی لەناو هاوپەیمانیدا بەدەستهێناوە؛ ئەمەش پێگەی دانوستانکاری مالیکی لاواز دەکات”.
سبەی مالکی لە هەولێر چاوی بە بەپرسانی پارتی مەسعود بارزانی سەرۆکی حزبەکە و بەرپرسانی تری کورد دەکەوێت، ئەم کە تەنها خاوەنی ١٠ کورسییە، بەڵام لە نێو شیعەکاندا وەک دۆستێکی ستراتیژی ئێران ناسراوە.
– لە دایکبووی ساڵی ١٩٥٠یەو یەکێکە لە کەسایەتییە کایگەرییەکانی نێو ماڵی شیعە.
– سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو بۆ دوو خولی لەسەریەک (لە ساڵی ٢٠٠٦ تا ٢٠١٤).
– بۆ ماوەیەکیش پۆستی جێگری سەرۆک کۆماری عێراقی هەبووە.
– ئەمینداری گشتیی “حیزبی دەعوەی ئیسلامی”ـیە.
– سەرۆکی هاوپەیمانی “ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا” کە لە قۆناغە جیاجیاکاندا خاوەنی کورسییەکی زۆرە بووە لە پەرلەمانی عێراق و بەشێکە لە “چوارچێوەی هەماهەنگی”. و ئێستا دەوڵەتی یاسا خاوەنی ٣٠ کورسیە.
– لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا حوکمی لە سێدارەدان بەسەر سەدام حوسێندا جێبەجێ کرا.
– لە ساڵی ٢٠١١ ڕێککەوتنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە عێراق واژۆ کرد.
– یەکێک لە گەورەترین ڕەخنەکان کە ئاراستەی دەکرێت، کەوتنی پارێزگاکانی موسڵ و سەڵاحەدین و ئەنبار بوو بە دەستی داعش لە ساڵی ٢٠١٤، کە ئەو کاتە سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بوو.
-لە ماوەی حوکمڕانییەکەیدا، پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا گرژی زۆری بەخۆیەوە بینی. نوری مالکی بەوە ناسراوە کە لە ساڵی ٢٠١٤ فەرمانی کرد بە بڕینی بەشە بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کە ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی دارایی قوڵ لە هەرێم.
– زۆرجار لەلایەن نەیارەکانیەوە (بە تایبەت سوننەکان و کورد) بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە پەیڕەوی سیاسەتێکی تایفەگەری کردووە و دەسەڵاتی لە دەستی خۆیدا قۆرخ کردووە، بەڵام لایەنگرانی بە پیاوێکی بەهێز و پارێزەری دەسەڵاتی شیعە و یەکپارچەیی عێراق وەسفی دەکەن.
نوری مالکی
مەسعود بارزانی
دەوڵەتی یاسا
سەرۆک وەزیران
