خوێندراوەتەوە: (965)

لە نوێترین ڕاپۆرتی تیمی کوردستانی عێراقی CPT سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی و بەردەوامی جموجۆڵی سەربازی وەسفی پرۆسەکە بە ” ئاشتی سارد ” ناوزەد دەکات و دەڵێن” ئاگربەستێک بەبێ وەستاندنی لەشکرکێشی و جموجۆڵی سەربازیییە”.

لە نوێترین ڕاپۆرتی تیمی کوردستانی عێراقی CPTکە رۆژی چوار شەممە ١٥ ی تشرینی یەکەم بڵاوکرایەوە هاتووە ” لە مانگی ئەیلوولدا، سوپای تورکیا هیچ هێرش و بۆردوومانێکی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامنەداوە، ئەمەش یەکەم جارە لە دوای ساڵی (٢٠١٥)ەوە مانگێک بەبێ هێرش و بۆردوومانی سوپای تورکیا تێپەڕێت”.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، سەرباری وەستاندنی تەواوەتی هێرش و پێکدادانە چەکدارییەکانی سوپای تورکیا و پەکەکە، هەردوو لا بەردەوامن لە فراوانکردنی پێگەی سەربازی، لەشکرکێشی و جموجۆڵی چەکداری.

” سوپای تورکیا هێرشەکانی بەتەواوەتی ڕاگرتووە، بەڵام بەردەوامە لە بنیاتنانی بارەگای سەربازی نوێ لەسەر چیای مەتینا، دروستکردنی ڕێگای سەربازی لە نێوان بنکە و بارەگاکانی لە ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین لە سنوری قەزای ئامێدی و وێرانکردنی دارستان و بڕینەوەی دارەکانی ناوچەی زاپ و گواستنەوەیان بۆ ناو تورکیا.( رێکخراوی CPT وا دەڵێن).

لە بارەی جموجوڵەکانی گەریلاشەوە، رێکخراوەکە دەڵێت ” گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، سەرباری دەستبەرنەدان لە چەک، سەرقاڵی دروستکردنی تونێل و ڕێڕەوی ژێرزەمینین لە ناوچەکانی گارا، قەندیل و ئاسۆس”.

رێکخراوی CPT وردەکاری زیاتر دەخاتەڕوو باس لەوەش دەکات لە (١)ی ئادار تاوەکو (٣٠)ی حوزەیران، سوپای تورکیا، (١٣٩٠) هێرش و بۆردوومانی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامدابوو. ئەمە لە کاتێکدا، لە (١)ی تەمووزەوە تاوەکو (٣٠)ی ئەیلوول، سوپای تورکیا تەنیا (٣٤) هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.

لەبارەی ئاوارەی گوندەکان و چۆڵکردنیانەوە، ئەو رێکخراوە دەڵێت ” سەرباری ڕاگرتنی بۆردوومانەکان، گوندنشینانی گوندەکانی (بەری گارێ) نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ سەر گوندەکانی خۆیان. گوندنشینانی دەڤەری نهێلێش، تا ئێستا ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ڕەز و باخ و کێڵگە کشتوکاڵییەکانیان. لە مانگی ئابدا، کاتێک گوندنشینانی گوندی (گوهەرزێ) لە دەڤەری نهێلێ ویستیان بچنەوە سەر ڕەز و باخەکانیان، بۆ ماوەی زیاتر لە کاتژمێرێک لەلایەن سەربازانی تورکیاوە دەستبەسەرکران”.

هەروەها دەشڵێن” لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردووەوە تاوەکو ئێستا، سوپای تورکیا زیاتر لە (٥٠) خانووی هاووڵاتییانی مەدەنی لە گوندەکانی (بەری گارێ) بە تەواوەتی خاپور و وێران کردووە”.

رێکخراوەکە جموجوڵی سەرنجڕاکێشی سوپای تورکیا ئاشکرا دەکات و دەڵێت ” جیاواز لە جارەکانی ڕابردوو، لە ئێستادا سوپای تورکیا نەک هەر ڕێگا لە نێوان بارەگا سەربازییەکانی لەناو خاکی هەرێمدا دروستدەکات، بەڵکو لە بارەگا سەربازییەکانەوە ڕێگا دەباتە ناو گوندە ئاوەدانەکان”.

ڤیدیۆی جمووجوڵە سەربازییەکان لەم لینکەوە ببینە..

رێکخراوی CPT

راگرتنی شەڕ

پرۆسەی ئاشتی

جموجوڵی سەربازی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 240 Today: 1,337 📊 Click Here