ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت کە کێشەی مووچە لە رەگەوە چارەسەر نەبووە و ئێستا بابەتی ١٢٠ ملیار دیناری داهاتی نانەوتی بووەتە کێشەی سەرەکی.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە میدیای یەکێتی راگەیاند” کێشەی مووچە لە رەگەوە چارەسەر نەبووە و ئێستا بابەتی ١٢٠ ملیار دیناری داهاتی نانەوتی بووەتە کێشەی سەرەکی. هۆشداریش دەدات لەوەی بەغداد کەمکردنەوەی ئەو بڕە رەتدەکاتەوە و پێویستە هەرێم پابەند بێت، ئەگەرنا بەغداد دەیکاتە بیانوو بۆ نەناردنی مووچە”.
جەمال کۆچەر دەشڵێت”هێنانە پێشەوەی بابەتی کەمکردنەوەی ١٢٠ ملیار دینار بۆ ٨٠ یان ٩٠ ملیار، دوو مەترسیی هەیە: “یەکەم، حکومەتی عێراق دەڵێت پێویستە وردبینی لە داهاتەکانتدا بکەم، کە ئەمەش دەستوەردان دروست دەکات. دووەم، پێویستە ئەم بابەتە زۆر بەپەلە یەکلابکرێتەوە، ئەگەرنا دەبێتە هۆی دواکەوتنی مووچەی مانگەکانی داهاتوو”.
کۆچەر هۆشداری دەدات و دەڵێت: “ئەگەر بەغداد رازی نەبوو و هەرێمیش پابەند نەبوو بە ناردنی ١٢٠ ملیار دینارەکەوە، ئەوا دەبێتە بیانوو بۆ بەغداد و دەڵێن هەرێم پابەند نییە. یان هەنگاوی دووەم دەنێن و بەرەو ‘مەقاسە’ دەڕۆن، واتە راستەوخۆ ١٢٠ ملیار دینارەکە لەو ٩٥٦ ملیارەی مووچە دەبڕن”.
جەماڵ کۆچەر
مووچە
