“چیرۆکەکانی زەوی و خۆر” پاڵێوراوی خەڵاتی باشترین ئەلبومی فۆلکلۆری جیهانیە، ئەم ئەلبومە بەرهەمی گروپی ڕاستاکە لەگەڵ پێنج بەرهەمی دیکە لە کێبڕکێدایە بۆ بردنەوەی باشترینی ساڵ لە لەیەن یەکێتی نێودەوڵەتی میوزیکی میلیەوە.
ڕۆژی ١٣ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام گروپی ڕاستاک بڵاویان کردوە کە ئەلبومی “چیرۆکەکانی زەوی و خۆر” وەک یەکێک لە پاڵیوراوانی کۆتایی بۆ بردنەوەی باشترین ئەلبومی ساڵ هەڵبژێردراوە، لە بڵاوکراوەکەیاندا هاتوە “ئێمە بەڕاستی شانازی دەکەین کە لەنێو بەشداربووانی کۆتاییداین بۆ باشترین ئەلبوومی فۆلکلۆری جیهانی ساڵی ٢٠٢٥ لە خەڵاتی نێودەوڵەتی مۆسیقای فۆلکلۆر”.
هەروەها دەڵێن “دانپێدانان و شانبەشانی ئەو جۆرە هونەرمەندە ئیلهامبەخشانەی سەرانسەری جیهان، ئەوەمان بیردەخاتەوە کە هەموومان چەندە بە قووڵی لە ڕێگەی مۆسیقاوە بەیەکەوە گرێدراوین، لە دەرەوەی سنوورەکان، زمانەکان و کولتوورەکان”.
چیرۆکەکانی زەوی و خۆر لە پێنج بەرهەم پێکهاتوە، گۆرانییەکان بە زمانەکانی، کوردی، فارسی، بەلوچی، و ئەڤغانییە و هەشت مانگ بەر لە ئێستا بڵاوکراوەتەوە.
کاتی بەڕێوەچوونی دابەشکردنی خەڵاتەکان لە ٢١ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، لە شاری نیو ئۆرلینز لە ئەمریکا بەڕێوە دەچێت.
گروپی هونەری ڕاستاک لە ساڵی ١٩٩٧ دامەزراوە، ئەندامەکانی لە نەتەوە جیاوەزەکانی ئێرانن، کە ئەندامی کوردیان تێدایە و چەندین گۆرانیان بە زمانی کوردی وتوە، لە ڕابردودا لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کۆنسێرتیان ئەنجامداوە.
گروپی هونەری ڕاستاک
