خوێندراوەتەوە: (1.0K)

ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران ” هەر هێرشێکی نوێی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، گەڕێکی کاتی شەڕی لێناکەوێتەوە، بەڵکوو شەڕی کۆتایی دەبێت، کە ڕەنگە کۆتایی بە بوونی ئیسرائیل بهێنێت”.

ڕوحوڵڵا نەجابەت ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە (١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥) ڕایگەیاند ” کە پێکهاتەکانی میحوەری خۆڕاگری لە ئێران( گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکە)، لوبنان، یەمەن و عێراق ئاستی ئامادەیی خۆیان بۆ ئاستێکی بێ وێنە بەرزکردووەتەوە بۆ بەرگریکردن لە خەڵکی ناوچەکە و خۆئامادەکردن بۆ هەر دەستدرێژییەکی ئەگەری ئیسرائیل”.

نەجابەت وتیشی” هەندێک لەو سەرسوڕمانانەی کە ئێران لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی پێشوودا تووشی بوو، دووبارە نابێتەوە. ناوبراو زیادی کرد: ڕەنگە لە قۆناغەکانی پێشوودا ڕووبەڕووی هەندێک کەمتەرخەمی بووینەوە، بەڵام دوای ئەو پێشهاتانەی کە پێکهاتەی بەرخۆدان لە ناوچەکەدا شاهیدی بووە، گومانی تێدا نییە کە هەر هەڵەیەکی نوێ ئیسرائیل بیکات، شەڕی داهاتوو دەگۆڕێت بۆ دواهەمین هەڵەی خۆی”.

ئەو پەرلەمانتارەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە “پێکهاتەکانی میحوەری خۆڕاگری لە ناوچەکە – لە ئێران، لوبنان، یەمەن و عێراق – ئاستی ئامادەکاریی خۆیان بۆ ئاستێکی بێ وێنە بەرزکردۆتەوە”، ئاماژەی بەوەشکرد کە “ئێستا هەموو تواناکان ئامادەن بۆ بەرگریکردن لە خەڵکی ناوچەکە و خۆئامادەکردن بۆ هەر دەستدرێژییەکی گەورەتر لە ڕابردوو”.

نەجاب لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە “ئیسرائیل بە خێرایی لە کۆتایی خۆی نزیک دەبێتەوە و لەناوچوونی ئەم قەوارەیە بە دەستی خۆی و لە ئەنجامی سیاسەتە هەڵەکانی و بەشداریکردنی لە پەرەسەندنی ململانێکانی ناوچەییدا دێتە ئاراوە”.

وتەکانی نەجەب لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەهۆی ململانێکانی ناوچەیی و ناکۆکییە بەردەوامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەدەستێنێت. لە چەند ساڵی ڕابردوودا، زنجیرەیەک ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی نێوان ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی ئێران لە ناوچەکەدا بە تایبەتی لە لوبنان، سوریا و یەمەندا بەخۆیەوە بینیوە. و شەڕ لە نێوان ئێران و ئیسرائیل کە لە ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ بە ھێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دەیان ئامانج لە سەرانسەری ئێران بە ئامانجی وەستاندنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەستیپێکرد. لە سەعاتەکانی سەرەتای جەنگدا، ھێزەکانی ئیسرائیل بەشێک لە سەرکردە سەربازییەکانی ئێران، زانایانی ناوەکی، و سیاسەتوانانیان، کردە ئامانج و زیانیان بە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران و بەشێک لە دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکانی گەیاند یان لەناوی بردن. دواتر ئێران بە ھەڵدانی مووشەک لە شوێنە سەربازییەکان و شارەکانی ئیسرائیل تۆڵەی کردەوە.

ئێران

ئێسرائیل

ئەمریکا

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 214 Today: 891 📊 Click Here