وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، کێشەی تێكەڵ بوونی نەوت بە ئاوی گەڕەكێك لە سەرچاوەی ئاوەکەدا نییە و ئاوی سلێمانی پاکە.
ماوەی چەند ڕۆژێكە لە گەڕەكی خاك لە ڕاپەڕین-ی سلێمانی لەگەڵ هاتنی ئاو بۆ ماڵان، بۆنی ئاوەكە جیاوازە و هاووڵاتیان چەرخی لێ دەدەن و ئاگر دەگرێت و ژمارەیەك هاووڵاتی بۆ (خەڵك) وتیان، كە “نەوت تێكەڵی ئاوی گەڕەكەكەیان بووە”.
ئامانج جەلال، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، کێشەی ئاوی سلێمانی لە سەرچاوەی ئاوەکەدا نییە و ئاوی سلێمانی پاکە.
وتیشی، “ئەو گرفتەی لە چەند ڕۆژی رابردوودا ڕوویدا، کە نەوت تێکەڵی ئاوی ماڵان بووە لە هەندێک گەڕەک بەدواداچوونمان کردووە و گرفتەکە لە سەرچاوەی ئاوەکە نییە”.
ئماژەی بەوەشدا، داوا لە هاووڵاتییان دەکەین هەر کێشەیەک لە ئاوی خواردنەوەدا هەبوو ئاگادارمان بکەنەوە تا بە زووترین کات بەدواداچوون بکەین و چارەسەری بکەین.
